بێهوودەم وەک ڕستەی
خۆشم ئەوێی لە زمانی کەسێکی ڵاڵ.
" لارا ناتەوێت بێیت؟" یێنڤا پرسیاره لە لارا کرد کە ئاخۆ ئەویش لەگەڵ ئەوان بەژداری گەشتەکە دەکات کە بڕیارە بەیانی بچن "نا پورێ ئەم هەفتەیە زۆر ماندوو بووم، دەمەوێ کەمێک پشوو بدەم، لەو هەفتەیە کاری زۆرمان هەبووە" لارا وەڵامی پوری دایەوە و بەهیلاکی خۆی خستە سەر جێگاکەی.
" باشە شیرینەکەم ئاگاداری خۆت بە" یێنڤا بە خەندەوە لەژووری لارا چویە دەرەوە و دەرگاکەی داخست، لارا هەر زوو کەوتە ناو خەوەوە، ئەم چەند ڕۆژەی دوایی هیلاک ببو بەهۆی ئەوەی کتێبخانەکە نۆژەندەکرایەوە، لەم هەفتەیەش مۆڵەتیان پێدراوە چونکە کتێبخانەکە نۆژەن دەکرێتەوە.
بەیانی هەر زوو یێنڤا و دایهۆن بەیەکەوە بەڕێکەوتن بۆ گەشتی کار و تایهیۆنگ لەگەڵ لارا بەتەنها لەماڵەوە مانەوە، لارا کەمێک قەلەق بوو لەسەر ئەوەی کە چۆن ڕەفتار بکات لەگەڵ پیاوێک لەتەواوی ئەم چەند ڕۆژە تا پوری دەگەڕێتەوە.
بەیانیەکەی لارا خۆی بە خێندنەوەی کتێب خەریک کرد و تایهیۆنگیش لەباخچەکە گوێی لە چۆلەکەکان دەگرت، ئێستا دڵخوازترین کاری تایهیۆنگ گوێگرنتە لەدەنگی سروشت، نیوەڕۆ ئافرەتی کارگوزارەکە خواردنی ئامادە کرد و بانگی هەردوکیانی کرد تا بهێن نان بخۆن.
لارا کە لەسەر خوانەکە دانیشت ویستی خواردنێک هەڵگری کە لەسەر سینیەکە بوو بەڵام هەر زوو ئافرەتەکە وەستاندنی و پێی وت کە ئەمە خواردنی تایهیۆنگە و ئەویتر هی لارایە، هەرچەندە لارا سەیری دەکرد جیاوازیەک بوونی نیە لەم خواردنە هەردوکیان هەمان خواردن و هەمان قاپن بۆچی دەستیان بەوە کردوە هەمیشە خواردنەکان جیابن؟
لەدوایی نان خواردن لارا چوە ژورەکەی و موبایلەکەی دەرکرد، دەستی کرد بە گەڕان بەناو ئەنتەرنێت، تا لەناکاو ئەکاوەنتی تایلۆری بەرچاو کەوت، لارا ئەوی بلۆک نەکردبوو تەنها لە هاوڕێیەتی لای دابوو، لارا کەمێک فزوڵ بوو لەوەی کە بزانێت تایلۆر ئێستا خەریکی چیە، چوە ناو ئەکاوەنتەکەی و دیمەنێکی بینی کە دڵی خۆزگەی دەخواست نەیبینیبوایە، وێنەی تایلۆر و ئادریک هەبوا کە لەژێریا وشەی ئاشقانە هەبوو.
فرمێسکی چاوی لارا هاتە خوارەوە، دیسانەوە هەموو یادگاریەکانی لەگەڵ ئادریک هەیبوو هاتەوە خەیاڵی، وشە ڕۆمانسیەکانی و بەڵێنە درۆینەکانی، پێکەنینەکەی کاتێک لارا کارێکی شێتانەی دەکرد و ئادریک بەدەمیەوە پێدەکەنی، ئەستەمە لەیاد کردنی ئەو یادگاریانەی لەگەڵ کەسی دڵخوازی ژیانت بەسەرت بردوون و بتوانی لەبیری بکەیت.
" بڕیار نەبوو نێوانمان بگاتە ئەم ئاستە! قەرار بوو من ببمە هاوبەشی ژیانت بۆ ئەبەد، قەرار بوو من دایکی کچەکەت بم، وا بڕیار بوو ببینە باپیرە و داپیرە، وامان دانابوو سەدان شەوی سەری ساڵ لەلای یەکتری بەسەر ببەین، وامان دانابوو لەهەموو یادکردنەوەی ڕۆژی هاوسەرگیریمان لەباوەشی یەکتری یادی بکەینەوە، ئێمە پلانمان دابوو ئاخر! ناومان بۆ منداڵەکانمان دانابوو کە نەببو هێشتا، دە ئاخر من خەیاڵی جوانم کردبوو، وام وێنا کردبوو شەوێکی زستان هەردوکمان لەتەنیشت یەکتریەوە دانیشتین و سەیری ئەستێرەکان دەکەین و لەپڕ گریانی منداڵەکەمان هەموو شتێک تێکدەدا، وام خەیاڵ کردبوو هەر جارێک بمەوێت ماچت بکەم کچەکەم بڵێ دایکە خەریکی چیت و منیش لەشەرمدا بکشێمەوە لەلات، ئادریک بەڵێنی زۆرت پێم دا، وتت کە دەبمە تاقانەی ماڵەکەت! وتت لارا لەتۆ زیاتر کەس ناتوانێ بێتە ناو دڵم! وتت تۆ هەموو ژینی منیت! وتت ئەم دڵەم تەنها بۆتۆ لێدەدات! بەڵام هەمووی درۆیەک بوو، بە دووقسە و باوەشی کچێک هەمویت لەبیر کردو لێم هەڵگەڕایتەوە،لێرە جگە لەخۆم و دڵە ورد و خاشەکەم هیچی ترم نەماوە، وات لێکردم هەرگیز متمانە بە پیاوەکان نەکەم، هەرگیز وێنام نەدەکرد من لەگەڵ تۆ بکەوم ئەم کۆتاییە" لارا لەسەر جێگاکەی پاڵکەوت و قسەکانی بۆ ئەو وێنەیەی ناو موبایلەکەی دەکرد، فرمێسکەکانی دانە بەدوای دانە دەکەوتن و دەیسڕیەوە بەڵام مەگەر دانەیەکی تر نەدەهاتە شوێنی؟ برینی دڵی تک تک خوێنی لێ دەچۆڕا، ئەو ئازارەی ئادریک پێی دا زۆری دەوێ تا چاک بێتەوە، برینە قوڵەکەی دڵ و دەرونی کاتی زۆری دەوێ ساڕێژ بێت.
لارا دووکاتژمێری بەردەوام لەسەر جێگاکەی پاڵکەوتبوو و بیری لەژیانە وێرانەکەی دەکردەوە، دەیەوێت هەڵسێتەوە و بەهێز ببێت بەڵام هێندە برینداریان کردوە کە چارەسەری ئەستەمە، بەجۆرێک لێیان داوە سەختە چاک بوونەوەی دووبارە.
هەناسەیەکی قوڵی هەڵمژی و لەسەر جێگاکەی هەڵسایەوە و چوە بەردەم ئاوێنەکە و سەیره ڕوخساری کرد کە بەهۆی فرمێسکەکانی چۆن سوور بونەتەوە، ئاهێکی هەڵکێشا و کەمێک کرێمی لەڕوخساری دا تا ئەم سووربونەوەیە کەم بێتەوە، بڕیاری دا بۆ کەمێک لەژوورەکەی بچێتە دەرەوە و لەناو ماڵەکە بگەڕێت، هێشتا بەتەواوی شارەزایی ئەم کۆشکە نیە، هەندێک ژور و جێگا هەن تا ئێستا نەیبینیوە، دەرگایەکی ڕەنگ زێڕی بەرچاو کەوت لەنێو ڕێڕەوەکە و بەرەو لای دەرگاکە چوو و بەهێواشی کردیەوە، چاوەکانی فراوان بوون بە بینین ئەو دیمەنە، ژورێک ڕاستر بڵێین کتێبخانەیەکی گەورە بوو، پڕی بوو لەکتێب، لارا دەستی لەسەر کتێبەکان دەخشاند و سەیری دانە بەدانەی دەکرد، بڕیاری دا دانەیەک هەڵبژێرێت تاوەکوو بیخوێنێتەوە.
ڕۆمانێکی هەڵگرت کە بەرگەکەی شینێکی ئاویی بوو سەیری ناوەکەی کرد ( دڵێکی بەردین ) ناوی ڕۆمانەکە سەرنج ڕاکێش بوو بەلایەوە و پەرۆش بوو تاوەکوو بی خوێنێتەوە، لەسەر یەکێک لە قەنەفەکان دانیشت و دەستی کرد بە خوێندنەوەی، تاوەکو کەمێکی کتێبەکە چوو بۆ ساتێک هەستی دەکرد ژیانی ئەو و کچی ناو کتێبەکە لەیەکتری دەچن.
ئەو کچەی ناو کتێبە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە خۆشەویستی دا بوو لەگەڵ کوڕێکی دراوسێیان و ئەمیش دایک و باوکی خۆشی نەدەویستن، ئەو کچێکی نوسەر بوو کە ڕۆمان و چیرۆکی دەنوسی و لە ئەنتەرنێت بڵاوی دەکردەوە، کچەکە بەهەمان شێوەی لارا لەلایەن نزیکترین هاوڕێکەی هەڵخەڵەتێنرا و خۆشەویستەکەیان لێی بردبوو، کچەکە ماوەیەک هەستی بەوە کردبوو کوڕەکە ڕەفتاری سارد بوە و لەگەڵ کچەکە نزیکیەکی زۆری هەیە، ڕۆژێک کچەکە بوێری خۆی کۆکردەوە و لەکوڕەکەی پرسی یان من یان هاوڕێکەم، بەڵام کوڕەکە قسەیەکی گەمژانەی کرد بەوەی وتی هەردوکتان، سەخت بوو قبوڵکردنی ئەو هەستە بۆ کچەکە.
لارا فرمێسکی چاوی هاتە خوارەوە بۆ حاڵی کچەکە، هەرچەندە ئەمە ڕۆمانێکی خەیاڵی بوو بەڵام هەستی دەکرد لەژیانی ئەو نزیکە، لارا زۆر پەرۆش بوو تاوەکوو کۆتایی ئەم کتێبە بزانێت، بەڵام کەسەیری دەرەوەی کرد بینی کە خۆر ئاوا بووە و دونیا تاریک بووە، لارا بەڕاستی زۆر چووبووە ناخی کتێبەکە و ئاگاداری دەوروبەری نەمابوو، ماڕکبووکێکی خستە ئەو بەشەی کە لێی وەستا بوو و کتێبەکەی داخست و لەجێی خۆی دانایەوە تاوەکوو دوایی بێت بیخوێنێتەوە.
لارا کە لەژوورەکە چوە دەرەوە بەرەو ئەو مێزە چوو کە بۆ نان خواردن لە بەشێکی ماڵەکە لەنزیک چێشتخانەکە دانراوە، بینی کە تایهیۆنگ لەسەر مێزەکەیە و کارگوزارەکان خەریکی ئامادەکردنی خوانەکەن
تایهیۆنگ بە بێ دەنگی دەستی بە نان خواردنەکەی کرد و لارا هێشتا سەرسوڕماو بوو لە ڕەفتاری ئەم ئافرەتە، دەی خۆ خواردنەکان هەمان خواردن و هەمان قاپ بوون، چ جیاوازیەکی هەیە ئەم بۆ لارا و ئەم بۆ تایهیۆنگ؟ لارا دەیوت ئەمە شتێکی لەپشتەوەیە بەڵام چی؟ نازانێت بەس دەیەوێت تێبگات بۆچی ئەم ئافرەتە ئەو کارانە دەکات و وا ڕەفتار دەکا.
لەدوایی نان خواردن لارا ویستی بەرەو کتێبخانەکە بگەڕێتەوە بەڵام هێشتا مەراقی ئەو ئافرەتەی کردبوس کە هۆکاری ئەم کارەی چیە؟ بە هێواشی بەرەو چێشتخانەکە دەوچوو بینی هیچ کام لە کارگوزارەکان لەوێ نین جگە لەو ئافرەتەیە، لارا ویستی بچێتە لای پرسیاری لێبکات بەڵام وەستا کە گوێی لە قسەکانی بوو، ئافرەتەکە لەپەیوەندی قسەی لەگەڵ کەسێک دەکرد، قسەکانی زیاتر لاراگان خستە گوومان.
" نا هیچی نەزانیوە بەڵام دوو جار خەریک بوو خواردنەکە بۆخۆی ببات! نا نەخێر خانمەکەم بەخوا ئەو لێی نەخواردوە، باشە داوای لێبوردن دەکەم، ببورە خانمەکەم ئەمجارە ئاگادار تر دەبم" لارا مێشکی هیچی وەرنەدەگرت، ئەو بۆچی دەڵێت خواردنەکەی نەخوارد؟ بۆچی هێندە شڵەژاون کە من خواردنەکە بخۆم؟ ئایە خواردنەکە شتێکی لەناوە؟
──•~❉᯽❉~•──
بـەردەوامـە
──•~❉᯽❉~•──
هیچی گوماناوی ناهاتە بەر چاوتان هاوڕێیان؟
2024/9/1
3:20 PM
You are reading the story above: TeenFic.Net