وەرە لە 8 ملیارکەس
کەسێك نەبێت لێت تێبگات'
" کەواتە ئایە دەتەوێ بیکەیت؟" ئافرەتە باڵا بەرزەکە لە لارای پرسی، لارا لەدوایی چەندان گەڕان لەکۆتایی و دەمەو ئێوارە بوو کە لە شوێنێک بینی کە نوسراوە پێویستیان بە کارمەندە، ئافرەتەکە خانمێکی باڵا بەرز و گەنم ڕەنگی بوو، چاوەکانی ڕەنگی کاڵ و بچووک بوون، ڕوخسارێکی نەرم و هێمنی هەبوو.
" بەدڵنیاییەوە قایلم، هەست دەکەم ئەمە بۆ من گونجاوە و دەتوانم بیکەم" لارا بەخەندەوە وەڵامی ئافرەتەکەی دایەوە، ئەوان لەنێو کتێبخانەیەک بوون کە لارا لەمەو بەدوا لێرە کاری دەکرد، ئافرەتەکە پێی وت کە کاری ئەو پاککردنەوەی ڕەفەکانە و دانانی کتێبە نوێیەکانە و هەروەها گەر کڕیارێک پێویستی بە یارمەتی بوو ئەوا دەبێ یارمەتی بدات " کەواتە کارە نوێیەکەت پیرۆز خاتوو لارا، هیوادارم لێرە ئاسودەبیت، بەیانی دەبێت کاتژمێر هەشت لێرە ئامادە بیت " ئافرەتەکە بەخەندەیەکی نەرمەوە وای بەلارا وت.
" سوپاس خاتوو سانجایی، بێگومان هەوڵدەدەم لەکاتی گونجاو بێمە ئێرە" لارا خەندەیەکی شیرینی کرد کە چاوەکانی بچووکتر ببونەوە بەهۆی خەندەکەی، پاش کەمێک قسەی تر و گۆڕینەوەی ژمارەکەیان، لارا لەوێ چوە دەرەوە و بەرەو ماڵەوە بەڕێکەوت، بەخۆی دەوت ئەوەتا کارت چارەکرد ماوەیەکی تریش خانوێک دەدۆزیەوە و دەتوانێ بەیەکجاری لەوێ بمێنیەوە و بە ئاسوودەیی لەوێ بمێنیتەوە.
لە ڕێگایی شوێنی پاسەکان وەستا و چاوەڕێی هاتنی پاسەکە بوو، دوو ئافرەتی بە تەمەن لەوێ دانیشتبوون و سەیری لارایان دەکرد، لارا ناڕەحەت ببو و بەدەستەکانی تەنوڕەکەی دەهێنایە خوارەوە، پێی وابوو ئەوان جلەکانی ئەویان لا ناشرینە و خەریکی ڕەخنە گرتنن لێی، لارا بە هۆی شڵەژاویەوە دەست و قاچەکانی دەلەرزی و هەناسەی کەمێک قوڕس بوو، ئەو هەمیشە لەوە دەترسێ کە بەدڵی کەسێک نەبێت، هەمیشە پێی وایە کە دەبێ هەموو کەسێک ئەو و جلەکانی ئەویان لا سەرنج ڕاکێش بێت.
ئەمە هەمووی بەهۆی ئەو سەرزەنشت کردنەی دایکیەتی، لارا لەوەتەی منداڵە دایکی بەوە دەیشکێنێتەوە کە هیچ شتێک لەودا جوان نیە، هەمیشە ئەوەی دەوت کە لەمنداڵێکی سواڵکەر دەچێ، ئەمە بوە برینێک لەسەر هزر و متمانەی لارا، وای لێکرد کە هەمیشە لە بڕیاردان لەسەر خۆی بترسێ، هەمیشە لەوە دەترسێ کەسانی دەورووبەری بڕیاری لەسەر بدەن کە ئاخۆ جوانە یاخود نا، دەترسێ بەدڵی ئەو کەسانە نەبێت کە لەدەورووبەریەتی، هەندێک جار نیگایەکی سادەی کەسێک وای لێدەکا کە وا هەست بکات ئەو کەسە هیچ ئەوی بەدڵ نیە، ئەو هەمووکات لەوە دەترسێ و پێی وایە کە هەموو کەسەکان ڕقیان لێیەتی، پێی وایە هەمووان ئەو بەناشرینی دەبینن، هەندێک جار ترسەکەی هێندە زۆر دەبێت پێی باشە خۆی لەژورێک بەند بکات.
پاسەکە هاتە ئەوێ و لارا بەخێرایی چوە ناوی، دەترسا لەوەی ئافرەتەکان قسەیەک بکەن و بیشکێننەوە، هەر کە چوە ناو پاسەکە چوە بەشی دواوە و بەتەنها لە دواوە دانیشت، بە دەستەکانی جەنتاکەی توند گرتبوو، نزای دەکرد هەرچی زوە پاسەکە بگاتەوە جێ و بگەڕێتەوە ماڵەوە و هێندە لەنێو ئەو کۆمەڵە خەڵکە نەبێت، لارا بە ترسەوە دەستەکانی لەناو یەک نابوو، شڵەژاو بوو، چونکە زۆربەی کەسەکان ناو ناوە سەیریان دەکرد.
هەر کە پاسەکە گەشتە نزیک کۆڵانەکەی ماڵی تایهیۆنگ لارا هەر بەخێرایی پارەی دا و دابەزی، هەناسەی قوڵی هەڵمژی هەر کە قاچەکانی خستە ئەرزەکە و لەناو ئەو قەرەباڵغیە هاتە دەرەوە.
لارا بە هێواشی هەنگاویی لەکۆڵانەکە دانا و بەرەو لای کۆشکەکە دەچوو، لەڕێگا بیری لەوە دەکردەوە کە ئاخۆ ژیانی بەچی دەگات، چی بەسەر دێت و بەرەو کوێ دەچێت؟ دەکرێ چەند قوڕسی و سەختی تر چاوەڕێی بن؟ دەکرێ تا چەندی تر ئازار بچێژێت، ژیان تا چەندی تر تاقی دەکاتەوە؟ دەبێ تا کوێی تر ڕابکات لەدەست ئێش و ئازارەکانی؟
لەسەر خوانی ئێوارە دانیشتبوو و گوێی لە گفتوگۆی پوری و زاواکەی دەگرت کە بۆ تایهیۆنگیان دەکرد
" ئەمڕۆ چەند دیزاینی نوێمان خستە بازاڕاوە، دڵنیام کە زۆر فرۆشیان دەبێت و قازانجێکی چاکیان لێ دەکەین" دایبۆن مامی تایهیۆنگ وات دەوت و باسی کاری ئەمڕۆیان دەکرد، تایهیۆنگ کۆمپانیای جل و بەرگی ئافرەتانی هەیە، ڕاستر ئەو بڕاندێکی تایبەت بەخۆی هەیە، بڕاندەکەی ناوبانگێکی زۆر باشی هەیە لە سیئۆل و لەلایەن چەندان خانمی ئەکتەر و ئایدۆڵەوە بەکار دەهێنن و زۆربەیان وەک ڕووخساری بڕاندەکە دەبینرێن.
" من دڵنیام کارەکانت زۆر باش و سەرکەوتون مامە" تایهیۆنگ دڵخۆش بوو وە ئەو متمانەی تەواوی بە مامی هەبوو، باش دەیزانی مامی کە چەندە هەوڵ دەدات کۆمپانیاکەی بپارێزێت و لەئاستی کەم نەبێتەوە، ئەم دووساڵەی تێپەڕی کۆمپانیاکە بە ئاستێکی بەر چاوو پشکەکانی دابەزین.
" تۆ خەم لەوە مەخۆ تایهیۆنگ ئێمە وەک ئەوەی کۆمپانیایی خۆمان بێت ئاگاداری دەبین، لەوە بێخەمبە، تا ئەوکاتەی چارەسەر دەدۆزیەوە ئێمە ئاگاداری دەبین" یێنڤا بە ڕووخۆشیەوە قسەکەی بۆ تایهیۆنگ کرد، لارا لەم ناوە بەبێ دەنگی نانی دەخوارد و گوێی لە قسەکانی ئەوان دەگرت.
" لارا ئەمڕۆ چویت بۆ کار دۆزینەوە؟ " یێنڤا پرسیاری لە لارا کرد کە لە هۆڵەکە دانیشتبوون، ئەوان بە تەنها بوون، لارا و پوری و زاوەکەی بوون، تایهیۆنگ تاوەکوو هەوایەک هەڵمژێت چووبوە باخچەکە، لارا سەیری پوری کرد "لەڕاستیدا ئەمڕۆ چوومە دەرەوە تاوەکوو کارێک بدۆزمەوە، وە توانیم لە کتێب خانەیەک کارم دەستکەوێت"
" بۆچی نایەتە لای ئێمە کار بکەیت؟ لەوێ بەدڵنیایەوە کارێک بۆتۆ هەر دەبێت" یێنڤا وای بەلارا وت، ئەو حەزی بەوە بوو لارا لەنزیکی خۆی بێت و لەگەڵ ئەوان کاربکات نەک بچێت لە شوێنێکی ئاسایی کاربکات " سوپاس پورێ بەڵام من دەمەوێ هەموو دەستەکەوتەکانم هی ماندوو بوونی خۆم بێت، من حەزم بەو کارە نوێیەکەمە، کتێب خۆشەویستم بوە و کتێبخانە ئەو جێگایەیە لێی هەست بە ئاسوودەیی دەکەم" لارا بە خەندەوە وەڵامی پوری دایەوە، یێنڤا ویستی قسە بکات بەڵام موبایلەکەی زەنگی لێدا و سەیری کرد و خەندەیەکی کرد" دایکتە لارا " دڵی لارا زۆر بەهێزی لێیدەدا و زۆر بەمەراق بوو کە دایکی بۆ چ هۆکارێک پەیوەندی بە پوریەوە کردوە، بەخۆیی دەوت کە دەکرێ دایکم بیری منی کردبێت و بۆ هەواڵ پرسینی من پەیوەندی بە پورم کردبێت.
" بەڵێ دادە .... من باشم سوپاس تۆ چۆنیت؟ ...... سوپاس بۆخوا .... بەڵێ ئەوەتا لێرەیە ...... باشە بۆست ...." یێنڤا موبایلەکەی لەگوێچکەکانی دورخستەوە و سەیری لارای کرد، دڵی لارا زۆرر بە خێرایی لێی دەدا و وا هەستی دەکرد لەهەر چرکەیەک بێت دڵی دێتە دەرەوە " لارا دایکت دەیەوێ قسەت لەگەڵ بکات " یێنڤا موبایلەکەی بردە لای لارا و لارا بەترسەوە وەریگرت، دایکی دەیەوێ قسەی لەگەڵ بکات؟ ئەوە ئەستەم بوو بۆ بڕوا کردن بەڵام لەناخەوە زۆر دڵخۆش بوو لە دایکی بیری کردوە و دەیەوێ قسەی لەگەڵ بکات، موبایلەکەی وەرگرت و خستیە ژێر گوێچکەکانی دڵی زۆرر بە خێرایی لێ دەدا " د دایکە" دەنگی لارا نزم و لەرزاو بوو، هەستێکی سەیر بوو ئەو لەژیانیدا دایکی هەرگێز پەیوەندی پێوە نەکردوە ئەمە یەکەم جار یەتی لەپەیوەندی قسە لەگەڵ دایکی بکات.
" زەهری دایکە، تۆ پێم ناڵێیت تا کەی وەک لەکەیەلی ڕەش بەسەرمەوە دەمێنیتەوە؟ من دەبێت چەندی تر لەسەر تۆوە ئابڕووم بچێت؟ هااا قسە بکە بێ کەڵک؟ من دەبێ چەند جاری تر نەفرەتت لێ بکەم تاوەکوو لەکۆڵم ببیتەوە؟ دەبێ بۆ کام لای زەوی فڕێت دەم تاوەکوو لەکۆڵم ببیتەوە؟ ئاخر تۆ بۆچی لەوەتەی لەدایک بوویت نەهامەتی و ڕوو ڕەشی بوویت بۆمن؟ " جولیا زۆر بە بێ بەزەییانە هاواری بەسەر لارا دەکرد و قسەی پێ دەوت، دڵی لارا ورد و خاش بوو وا هەستی دەکرد بەردێکی گەورەیان لەسەری داوە و قوڕگی پڕگریان بوو، وەک ئەوەی دڕکێکی گەورە لەنێو قوڕگی بێت.
" مانای چیە منداڵی پیاوێکی ترت لەسکە؟ تۆ چۆن بێ ئابڕویەکیت؟ پێم بڵێ ئەمە لەکام بەڕەڵاخانەیەک فێر بوویت ئاوا تا ئەم ئاستە خیانەت لە هاوسەرەکەت بکەی؟ کچێ هەی خودا بخۆیت بباتەوە بەمن بڵێ چ ڕویەکت هەیە؟ هااا؟ سەیرکە لارا سوێند بەخوا بەیانی ئەو منداڵە لەبار نەبەیت باوکت بەدواتدا دێت و خۆت و منداڵەکەت دەکوژێت، بەس ئابڕووم بە، من ماندوو بووم لەو هەموو بێ ڕەوشتیانەی تۆ، هیلاک بووم لەو هەموو ڕسوایەی تۆ توشمی دەکەیت" جولیا کۆتایی بە پەیوەندیەکەی هێنا و لارا سامگرتوو بوو، ئاخر ئەوە چ قسە کردنێک بوو؟ چ ڕسوا کردنێک بوو؟ دایکی ئەوها قسەی پێ وت لەسەر کارێک کە ئەسڵەن نەیکردوە! ئەسڵەن ئەو دوگیان نیە تا بڵێن لە پیاوێکی ترە، لارا موبایلەکەی لەژێر گوێچکەی دەرکرد و لەسەر قەنەفەکە داینا و بەخێرایی لە ناو ماڵەکە چووە دەرەوە " لارا چی بوە ؟" یێنڤا هاواری کرد کاتێک لارا بە خێرایی چوە دەرەوە.
لارا بە هەنگاوە خێراکانی چوە ناو باخچەکە و لەسەر ئەرزەکە لە کەلەنێکی باخچەکە دانیشت وو بە هەموو هێزیەوە دەگریا، ئەو ئازارە گەورەیەیی ناخی کە بە هیچ گریانێک کەم نابێتەوە، ئەو ئازارەی دڵی کە بەهیچ سارێژ نابێت، ئاخر ئەو بۆ خولەکێک هیوای وا بوو دایکی بیری کردوە، کەچی دایکی دیسانەوە بیری خستەوە کە چەندە ڕقی لێیە.
" بۆچی خودایە؟ بۆچی هێندە ئازارە؟ بۆچی هێندە قوڕسە بۆ دایکم یەک جار وەک کچی خۆی ڕەفتارم لەگەڵ بکات؟ خودایە بۆچی هێندە سەختە بۆمن باش بێت؟ مەگەر من شایەنی ئەوە نیم بۆجارێک هەستی هەبوونی دایک تاقی بکەمەوە؟ مەگەر منیش مافم نیە لەلای کەسانی تر باسی ئەوە بکەم دایکم چەندە خۆشی دەوێم؟ خودایە زۆر بەئازارە، خوایەگیان تکایە ڕزگارم بکە، لێت دەپاڕێمەوە با ئەم ئازارە بەکۆتا بێت، تکایە یان گیانم ببەوە یان ڕزگارم بکە، خودایە بەرگەی زۆرم گرت، من نۆزدە ساڵە لەو ئازرە دەژیم، نۆزدە ساڵ کە بۆ یەک چرکەش هەستم بەبونی دایک نەکرد، هەستم بە سۆزی دایک نەکرد، خودایە تکایە با بەس بێت، لێت دەپاڕێمەوە من بەرگەی زیاتر ناگرم "لارا بە دەنگی بەرز قسەی دەکرد و سەیری ئاسمانی دەکرد، گریانێکی بەکۆڵ کە لەمنداڵێک دەچوو دەگریا، ئازارەکان هێندە زۆر بوون لەکاتی باس کردن هەندێکیانی لێ ون دەبوو، لەوێ و لەنزیک لارا یەکێک هەبوو کە گوێی لەتەواوی قسەی ئەو کچە دڵشکاو و وێرانەیە بببو، دەیپرسی کە ئاخۆ چی چەشتوە ئاوا بە ئازار و هاوارەوە دەگری و نزا دەکا؟ دەبێ چەندە دڵشکاو بێت؟ دەبێ چ سەختیەکی بینیبێت؟
──•~❉᯽❉~•──
بـەردەوامـە
──•~❉᯽❉~•──
2024/8/29
7:00 PM
You are reading the story above: TeenFic.Net