part 12

Background color
Font
Font size
Line height





خراپەی ئێمە ئەوەبوو کە خراپ نەبووین










من کە زۆر بیرم لەو بابەتە کردبووەوە دایکیشم لەولاوە بەقسەکانی قەناعەتی پێئەکردم وتم

"تەواو دایکە بڵێ ژوان ڕازییە"

پێش ئەوەی بە تەواوی قسەکەم بکەم پڕ قوڕگم بوو لە گریان و ڕامکرد
نازەنینیش بە دوامدا هات... وتی
"ژوان چی ئەکەی ژوان؟! ئەی عومەر؟ "

لەبەر گریان نە ئەمتوانی سەیری بکەم نە وەڵامی بدەمەوە
هاتە پێشەوە و دەستی لەسەر شانم دانا و هەر ئەی وت
"ژوان هەتا هیچ شتێک نەبووە پەشیمان بەرەوە... ئەی عومەر؟
تۆ بەڵێنت پێی دابوو؟ ئێوە یەکتان خۆشەوێ ماوەیەکی تریش ئارامبگرە لە پێناو ئەشقی تۆو عومەر"

خۆم دڵم پڕبوو ئەویش کە وازی ناهێنا توڕەی کردم و بەسەر ئەوا تەقیمەوە و هاوارم کرد.

"ئێێێ.. عومەر عومەر عومەر... بەس نەبوو؟! ئەملا هەر عومەر ئەوێش هەر عومەر... ئەو عومەرەی باسی ئەکەی کوا؟ لە کوێیە؟ هەشت مانگە نە هەواڵێک نە نامەیەک نییە... ئەگەر منی لا گرنگبا ئاوا اهمالی ئەکردم یان نامەیەکی ئەنارد؟ هەواڵێکی ئەپرسیم... ئەسڵەن چۆن بزانم کە ئەو هێشتا منی لەبیرە؟
بۆچی ڕێگەی کەرکووک تەنیا لەسەر ئەو داخراوە؟ بۆچی خاڵەم ئەتوانێ بە قاچاخ بڕوا بۆ ئەوێ بۆ ئەو ناتوانێ نامەیەک بنێرێ؟! ".

هێزم تیانەما بۆ دواجار بە هەموو هێزی خۆم هاوارم کرد و کەوتمە سەر ئەرزەکە و نازەنین باوەشی لێدام و هەر ئەی وت تەواو.

لە نێو باوەشی ئەو و بە هەنسک و گریانەوە وتم

"چی تەواو نازەنین؟ چی تەواو؟ حاڵم نابینی؟ وا ئەزانی من بەوانە ڕازیم؟ منیش حاڵم خراپە وا ئەسوتێم
بەڵام چارەی ترم نییە.. خوا ئەزانێ کەی ئەم بارودۆخە چاک ئەبێتەوە.. من شو ئەکەم بارێک سوکتر مەسروفێک کەمتر
ئەگەر ئەوەنە ئەو داواکارییانە ڕەت بکەمەوە ئیتر وا بڵاو ئەبێتەوە کە کچی ئەو ماڵە شو ناکەن و بەختی ئێوەش ئەبەسترێ... ناتوانم ئەوە بکەم نازەنین ناتوانم... بارودۆخمان نابینی؟ باری باوکم نابینی؟ هەر چەنە سەیر ئەکەم چارەیەکی ترم نییە... خێزانەکەم بۆم گرنگترە"


ئەو ڕۆژە زۆر گریام.... زۆر
بەڵام بە گریانی من چی ئەگۆڕا؟ ئەگەر شتێک بگۆڕایا ئەوا هەر ئەو کاتە ڕێگەکە ئەکرایەوە بەڵام هەموو شتێک بێ سود بوو.

تەنیا ئەبوو دەستەو ئەژنۆ دانیشم و بزانم شەمەندەفەری چارەنووس بەرەو کام وێستگە لەگەڵ خۆیم ئەبا.

هەموو هەستەکان بێمانان تا ئەوەی خۆت هەستیان پێئەکەی
منێک کە گاڵتەم بە وشەی ئەشق و خۆشەویستی ئەهات
ئێستا لەبەر خۆشەویستی کوڕێک دڵم گڕی گرتووە.

لەوە بە ئازارتر هەیە پڕ بە دڵ یەکێکت خۆشبوێت و بزانی کە ئیتر هیچ ڕێیەک نەماوە؟!

نەک بۆ بەیەک گەشتن تەنانەت ڕێیەک نییە بۆ بوونی دوا دیداریشمان
تەنانەت ناتوانم بۆشی ڕونبکەمەوە کە بۆچی وامکردووە.

بە درێژایی ئەو کاتە بیرم لەوە ئەکردەوە ئەگەر عومەر یان کەسێکی تر لە شوێنی من بوایە.... ڕازی ئەبوو؟! یان چاوەڕێی ئەکرد؟!

من کە ناتوانم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە بۆیە هەر با بە پرسیارێکی بێ وەڵام بمێنێتەوە.

باوکم ئەو شەوە هات بۆ لام و قسەی بۆ ئەکردم... ئەیویست بە تەواوی وەڵامی من بزانێ
لە حەوشەکە بەتەنیا هەردوکمان بوین لە بەرامبەری دانیشتم
باوکم جگەرەکەی لابرد و وتی

"کچەکەی خۆم وەرە لامەوە دانیشە"

ڕۆشتمە لایەوە و دەستی خستە سەرشانم و زیاتر نزیکی کردمەوە
کاتێک سەیری ئەکردم وتی.

"کچە بچوکە بە بۆڵەکەی من کەی ئاوا گەورەبوو و من ئاگام لێی نەبوو"

تەنیا پێکەنیم.. هەناسەیەکی هەڵکێشا و دەستی کرد بە قسەکردن وتی.

"کچی جوانم ژیانی مرۆڤ پڕە لە هەوراز پڕە لە بەرز و نزمی.. هەموو شتێک لەم دنیایەدا تاقی کردنەوەیەکە بۆ ئێمە و ئەبێ سەبری لەسەر بگرین
خوا تاقیمان ئەکاتەوە بە هەبوون و نەبوون... پێویستە بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوانەیا بکەین.. ئەوە ژییانی مرۆڤە هەر ئەبێ هاوسەرگیری بکات و ژییانی خۆی پێکبهێنێت و بیر لە داهاتوی بکاتەوە... ئەزانم نەبوونی زۆرت بینیوە بەڵام با ئەوە نەبێتە هۆی ئەوەی کەسێکی هەڵە هەڵبژێری..

ئەگەر تۆ بەو کوڕە ڕازیبی منیش ڕازیم و ئەرکی باوکانەم بەجێئەگەیەنم خۆ ئەگەر ڕازیش نەبی ئێرە ماڵی خۆتە و لە من زیاتر مافت بەسەرییەوە هەیە
من ژیانی خۆم ئەکەمە قوربانی بۆ ئێوە"

شەرمم ئەکرد وەڵامم دایەوە و
وتم " تۆ بە ئەزمونتری باوکە گیان.. تۆ باشتر شتەکان ئەزانیت.. بەڵام من لاریم نییە بۆ ئەو هاوسەرگیرییە"

باوکم وتی" بەڕای منیش کوڕێکی باش و ڕێک و پێکە لە خواترسە بەڕێزە و
بۆ ماڵی دنیاش هەیەتی و ئەتوانێ دڵخۆشت بکا بەڵام لە کۆتاییا ئەوەی ئەبێتە هاوسەری تۆیت و بڕیار لای تۆیە"

بە شەرمێکەوە وتم" من ڕازیم باوکە گیان.. ڕازیم بەو"

باوکم وتی" کچە جوانەکەم.. ژییانی هاوسەرگیری وەک ژییانی ڕەبەنی نییە پڕە لە بەر پرسیارییەتی سبەی ناکۆکی ئەکەوێتە نێوانتان شەڕ ئەکەن دەمەقاڵێتان ئەبێ بەڵام نابێ وابکەن ببێتە هۆی تێکچونی نێوانتان"

ئەو شەوە تا درەنگانی شەو باوکم قسەی بۆ ئەکردم و ئەی ویست بزانێ بە ڕاستی من ڕازیم؟

هەر کەسێک کە لەو ماڵەیابوو ئەیانزانی کە من دڵخۆشنیم و ڕۆژ بە ڕۆژ حاڵم خراپتر ئەبوو لە کاتێکا هەموو کچێک ئەبێ لەو کاتەیا دڵخۆشترین بێت.

باوکم پێیانی وت کە بێنە پێشەوە و ئێمە ڕازین.. نازانم بۆچی بەڵام ئەوانیش زۆر پەلەیان بوو و ئەیان ویست شتەکە بە خێرایی بکرێت.. هەموو ڕۆژێک ئەهاتن هەر ئەیان وت کاری خێر تا زوو بکرێت باشترە.. هەر ئەو ڕۆژە کە هاتن مەلاشیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو.

لەیلا و شەیما و مێردەکەی و دوو شایەت و مەلاکە هاتبوون لەگەڵ ئەو کوڕەی کە قەراربوو ببێ بە هاوسەرم.

ئەو کاتە یەکەم جاربوو کە تاهیر ببینم
درۆ ناکەم هەر بە یەکەم بینین سەرنجی منی بۆ لای خۆی راکێشا... جوانییەکی سەرسوڕهێنەری هەبوو، نەت ئەتوانی خۆت بگری لە سەیرکردنی..
باڵایەکی بەرز و ڕێک جسمێکی پڕ....

قژی بەرزکردبووەوە و ڕیشێکی تەنکی دانابوو... بە تەواوی بێ کەم و کوڕی بوو.
هەر چەنە عومەر هیچ جوان نەبوو ئەسڵەن بۆ پارەش هیچی وای نەبوو
بەڵام مەیلی دڵی من هەر بەلای ئەوەوەبوو و ئەم وت ئەبوو ئێستا لە جێی تاهیر عومەر لێرە بوایە..

ئەگەر ئەمەی پێشم عومەر بوایە ئەبوو چەن دڵخۆش و دەم بەخەندەبام... بەڵام ئیتر ئەمە چارەنوسی منە جگە لەوەی پێی ڕازیبم چی هەڵبژاردنێکی ترم هەبوو..

شتەکان زۆر بە سادەیی و ئاسانی تێپەڕین هەموان دانیشتین مامۆستاکە دەستی کرد بە قسەکردن و وتی

"ئەگەر کچ و کوڕەکە ڕازیبن ئێستا مارەیان ئەبڕین... ئێوە ڕازین؟ "

سەرم داخستبوو وەک ئەوەی لەوێ نەبم بۆ یەکەم جار تاهیر قسەی کرد و وتی

"با  بڕواتە لای باوکییەوە دانیشێت بۆ ئەوەی جوانتر بیبینم"

من کە لە هەمان ڕیزی ئەو دانیشتبووم و نەی ئەتوانی بمبینێت، هەستام و ڕۆشتمە ئەو شوێنەی کە وتی
سەرم بەرزکردەوە... چاوم لەسەر چاوە قەوی و کاڵەکانی جێگیربوو
چاوەکانی کزکردبوو و لە سەرەوە بۆ خوارەوە سەیری ئەکردم
دوای کەمێک سەری داخست و وتی من ڕازیم....











هەموو شتێک کۆتایی هات.. خەیاڵەکانمان.. داهاتوومان هەمووی بوو بە هی کەسێکی تر.. کەسێک کە ئەسڵەن هیچ هەوڵێکی نەداوە، کەسێک کە هیچ کات بە بیرکردنەوە لە تۆ نەخەوتووە
من بووم بە حەڵاڵی کەسێکی تر.

من ئەو کاتەی کە بەڵێنم بە عومەردا تەمەنم کەم بوو، مناڵبووم، نەزان بووم
ئەسڵەن بڕوام بەوە نەبوو کە ئەیان وت هەموو شتێک قسمەت و نسیبە

هەر کەسێک ئەوەی بوتایە ئەم وت قسمەت و نسیب هەمووی درۆیە
بۆ مەگەر خۆم خاوەنی دوو لێوی خۆم نیم؟! ئەوەی بە دڵم نەبێ ڕەتی ئەکەمەوە و تەواو.

بەڵام ئێستا ئەڵێم.

هەموو شتێک هەر ئەم قسمەت و نسیبەیە کە ئەیڵێن
ئەوەی خوا بۆتی دانابێ بە چوار مشقیش لە ماڵەوە دانیشتبی دێتە بەردەمت
ئەوەشی کە هی تۆ نەبوو
چەن بە دوایا ڕاکەی ئەوەنە دوور ئەکەوێتەوە.

تەنیا لە ماوەی شەش ڕۆژدا هەموو شتێک پێچەوانە بووەوە شەش ڕۆژ پێش ئێستا ئەم وت کەی ئەو ڕۆژە دێ کە عومەر ئەگەڕێتەوە و ئەم دوورییە کۆتایی دێت...

ئەوەی لە مێشک ودڵما نەبوو هاوسەرگیری کردن بوو لەگەڵ کەسێکیتر


ئەی ئێستا؟

ئێستا پەنجەم بە ئەڵقەی یەکێکی تر دیلە دڵیشم لای یەکێکی تر.

لە خوا ئەپاڕامەوە کە درەنگتر ئەو ڕێیە بکرێتەوە تا یەکمان بیر بچێتەوە.
















1352 words


You are reading the story above: TeenFic.Net